یکشنبه, ۱۴ بهمن, ۱۴۰۳ / 2 February, 2025
مجله ویستا

موزیکی فۆلکلۆر



      موزیکی فۆلکلۆر
بابەک ئەحمەدی، وەرگێڕان: ساماڵ عرفانی

موزیکی فولکلۆری بە مانای <<موزیکی بومی>> یان <<موزیکی خەڵک>>، ترادیشنێکی مۆسیقاییە ( کە زۆرتر بناغەیێکی لادێیی، شوانی و قەرەچی هەیە) کە نەنووسراوەتەوە و لە کۆمەڵگەگەلێک کە  گۆڕانکارییەکی چاندی ئەوتۆ بە خۆوە نابینن، بە شێوازێکی پراکتیک (بە بێ بایەخ­دان بە لایەنە تیۆرییەکەی)، لە نەوەیێک بۆ نەوەیێکی­تر دەگوازرێتەوە.

 

موزیکی فۆلکلۆری[1] (بەشی یەکەم)

وەرگیڕان لە فارسییەوە: ساماڵ عرفانی[2]

موزیکی فولکلۆری بە مانای <<موزیکی بومی>>[3] یان <<موزیکی خەڵک>>، ترادیشنێکی مۆسیقاییە ( کە زۆرتر بناغەیێکی لادێیی، شوانی و قەرەچی هەیە) کە نەنووسراوەتەوە و لە کۆمەڵگەگەلێک کە  گۆڕانکارییەکی چاندی ئەوتۆ بە خۆوە نابینن، بە شێوازێکی پراکتیک (بە بێ بایەخ­دان بە لایەنە تیۆرییەکەی)، لە نەوەیێک بۆ نەوەیێکی­تر دەگوازرێتەوە. بنچینەی موزیکی فۆلکلۆری، لەهەموو کۆمەڵگەکاندا، نەناسراوە ، لەبەر ئەو هۆیەی کە ئەم جۆرە موزیکە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژگارانێکی زۆر دوور لەو کۆمەڵگەیانەدا کە چاند و کەلتووریان نەنووسراوەتەوە. ووشەی ئەڵمانی فۆڵک[4]، لە دوو سەدەی رابردوودا، مانای نەتەوەی هەبووە و پێش لەوەش بە مانای <<قەوم>> و <<خەڵکی لادێ>> هاتووە. لە رێنێسانسەوە هەتاکوو سەدەی هەژدەی زایینی،، موزیکی فۆلکلۆری، بە موزیکی خەڵکانی لادێ دادەنرا، بەڵام لەسەدەی نۆزدەی زایینی­دا، خەڵکانی شاریش بە دانەری موزیکی فۆلکۆری ئەژمارکران. ئەم گۆڕانکارییە پێوەندی بە مێژووی نوێی بەریتانیا و ووڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە هەیە. لایەنە لادێییەکەی موزیکی فۆلکلۆری، ئەوە دەردخات کە ئەم موزیکە هەڵدەگەڕیتەوە بۆ پێش سەردەمی پیشەسازی. موزیکی هەر نەتەوەیەک و قەومێک، تایبەتە بەو نەتەوە و قەومە، بەڵام دەتوانین لە موزیکی فۆلکلۆری ووڵاتانی جیاواز، خاڵی هاوبەش بدۆزینەوە. هەموویان باس لە ئیش و ژیانی رۆژانەی گوند دەکەن و هەربۆیەش هۆکارە سرووشتییەکان، هیوای بارینی باران و پڕپیتی، گۆرانییەکانی کار و چالاکی جەستەیی، گۆرانییەکانی جێژن و بۆنە و زەماوندەکان، لای­لایەکان، گۆرانی ئەڤینی و شین و مۆرە، لە هەموو ئەو چاندانەدا، تا رادەیەکی زۆر لێکچوونیان هەیە. دەتوانین بڵێین کە گۆرانی فۆلکلۆری، بەستراوەتەوە بە پێکەوە ژییان، کە رێ و رەسمەکەی لە هەمووشوێنان تا رادەیێکی زۆر لێک دەچێت.

ئەم بیرۆکەیە کە موزیکی فۆلکلۆری، فۆڕم و ستراکتوورێکی سادەی هەیە، نادروستە، کە زۆرتر لە رێگە ی گۆرانی لادێ ناسراوەتەوە، بەڵکوو هەندێک لە گۆرانییە فۆلکلۆریەکان، لە رووی تەکنیکەوە زۆر ئالۆز و قورسن. لە سەرەتادا، موزیکی فۆلکلۆری، وەک بەشێک لە شۆناسی نەتەوەیی، باسی لێکرا، بەڵام دوای ماوەیێک دەرکەوت کە تایبەتمەندییە تەکنیکی و هونەرییەکانی، پێویستی بە لێکۆڵینەوەیە. بنەمای سەرەکی موزیکی فۆلکلۆری، زۆرتر، لە نموونەگەلی مێژوویی گۆرانییەکان یان فۆڵک سۆنگ[5] دا بوو.  لە چەند دەهەی رابردوودا، لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر گۆرانی فۆلکلۆری بەریتانیا و فەڕانسە کراوە. بایەخ­دانی ورد و سیستەماتیک بە موزیکی فۆلکلۆری، لەسەردەمی رۆمانتیکەوە دەستی پێکرد. یۆهان گۆتفرید فۆن هێردێر، لە یەکەم کەسانێک بوو کە رای وا بوو کە دەبێ لێکۆڵینەوە بکرێت لەسەر چاندی خەڵک و لادێ. هێردێر و لێکۆڵەرانی هاوچەرخی، دەیانویست ئەوانەی کە لەبەر مەترسی لەناوچووندان، رزگار بکەن و تۆماریان بکەن، بەڵام چاندی لادێیی، خۆی  وەها دەرخست کە وەک چاندێکی مەزن، توانای باس­کردنی زۆرێک لە بابەتەکانی کۆمەڵگەی نوێی هەیە . دەتوانین پێشینەی بایەخ­دان بە موزیکی فۆلکلۆری، تەنانەت هەتا سەردەمی باڕۆکیش ببەینە دواوە. لانی­کەم لە موزیکی فەڕانسی سەدەی هەژدە، کاریگەری موزیکی فۆلکلۆری روونە. ئەو تێماگەلەی کە لە سوویتەکان­دا بەکاردەبران، زۆرتر لە سەماکانی ناوچەکەوە وەرگیرابوون. لە سەردەمی کلاسیسیزم­دا، وۆڵفگانگ ئامادیۆس موتسارت و لودڤیگ ڤان بێتهۆڤن، موزیکی فۆلکلۆرییان کرد بە بەشێک لە ستراکتووری ئیشەکانیان. نەک تەنها لە ئاوازەکان­دا، بەڵکوو بەرهەمە موزیکییەکان کە تەنها دەنگی ئامێرەکان بوو، موزیکی فۆلکلۆری رۆڵیکی بەرجەستەی تێدا هەبوو. ئەم خاڵە، لە بەرهەمەکانی فلیکس مێندێلسۆن، فرانتز شووبێرت و رۆبێرت شوومان، پڕرەنگ­ترە. یۆهانس برامس، ژمارەێیکی زۆر گۆرانی بومی ئاڵمانی کۆکردەوە و بۆ گۆرانیبێژان لەگەڵ پیانۆ،دابەش­کردنی بۆیان کرد. پرامس، هەموو تەمەنی عاشقی موزیکی فۆلکلۆری بوو، بازنەی بایەخ­دانی بە موزیکی فۆلکلۆری، تەنها ئەڵمانیای نەدەگرتەوە، بەڵکوو بایەخی بە موزیکی فۆلکلۆری مەجار، موزیکی قەرەچەکانی ئەورووپای ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ئەوڕووپاش دەدا. ئانتۆنین دڤۆرژاک، ئێدوارد گریگ، بدریخ سمێتانا، لیۆ یاناچێک، کارۆڵ شیمانۆڤسکی، ژان سیبێلیوس، رۆڵف وان ویلیامز، نیکۆلای ریمسکی-کۆرساکۆڤ، میخاییل گلینکا، مۆدێست مووسورسکی، پیۆتر چایکۆڤسکی، ئارام خاچاتووریان، و تەنانەت ئانتۆن بروکنێر، گۆستاڤ مالێر و کلۆد-ئاشیل دیبوسی، ئاگاداری گرینگی موزیکی فۆلکلۆری بوون. سەمفۆنیەکانی مالێر، پڕبوون لە کۆتەیشێن[6] و ئەداپتەیشن  [7] لە موزیکە فۆلکلۆرییەکان. بۆ نموونە، ئەداجیۆی سەمفۆنیای ژمارە یەک (٨٨-١٨٨٤) کە ئاماژەیە بە گۆرانی بەناوبانگ " برادەر ژاک"، بنەمای مێژوویی سەرهەڵدانەکەی دیار نییە، لە چاندە ئەوروپییەکان­دا، تا رادەیەکی زۆر بە بێ جیاوازییەکی ئەوتۆ لە فۆڕم­دا، بە زمانگەلی جیاواز ووتراوەتەوە. لە سەدەی بیستەم­دا، موزیکی فۆلکلۆری لە بەرهەمەکانی دیمیتری شۆستاکۆڤیچ، بێلابارتوک، زۆڵتان کۆدای، خاچاتووریان، رەلف ڤان ویلیامز، گۆستاڤ هۆڵست، ئارۆن کوپلەند و موزیک­دانەرانی ئسپانی و ئەمەریکای لاتین، بەدی­دەکرێت. موزیکی هێیتۆر ڤیلا لۆبۆس، نموونەیێکی بەناوبانگە، و لە تانگۆکانی ئاستوور پیاتێزۆلا و موزیکی ئالبێرتۆ ئێواریستۆ خیانسترا، دەتوانی زایەڵەی رابردوو ببیستین. یەکێک لە ئاخرین نموونەکانی کاریگەری موزیکی پۆپیولار لەسەر کاری ئاوازدانان، بە تێکەڵەییێک لە موزیکی ئامێر و موزیکی ئەلەکترۆنی، بە نێوی " پەرتووکی کاتژمێرەکان" (٢٠٠٤)، ئیشی جولین ئاندرسۆن ە.

 

 

ئەم بابەتە لە کتێبی " موسیقی­شناسیو فرهنگ تحلیلی مفاهیم" نووسینی بابک احمدی، نەشری مەرکەز ١٣٨٩ خۆری، لاپەڕەکانی ٤٢٠- ٤١٧ وەرگیراوە.

 

[1] - Folk Music

[2][2] - erfani.samal@gmail.com

[3] - Local music

[4] - Folk

[5] - Folk Song

[6] - Quotation

[7] - Adaptation

 

ویژه نامه ی «هشتمین سالگرد انسان شناسی و فرهنگ» 
http://www.anthropology.ir/node/21139

ویژه نامه ی نوروز 1393
http://www.anthropology.ir/node/22280