جمعه, ۱۴ اردیبهشت, ۱۴۰۳ / 3 May, 2024
مجله ویستا

ئامێرناسی کەلتووری



      ئامێرناسی کەلتووری
مەنیژە ‌غەزنەویان وەرگێڕان لە فارسییەوە: ساماڵ عرفانی

ئامێرەکانی موزیک، نەک تەنها دەنگ دروست دەکەن، بەڵکوو بەوێنەکردنی و بەمادەکردنی هەست، ئەرکێکیتریانە. هەربۆیە هەرلەسەرەتای ئێتنۆموزیکۆلۆجی­دا، لێکۆڵینەوە لە ئامێرەکان، لە بابەتە گرینگی پێدراوەکانی ئێتنۆموزیکۆلۆجی بووە.

ئامێرناسی کەلتووری[i]

نووسینی مەنیژە ‌غەزنەویان

وەرگێڕان: ساماڵ عرفانی

ئامێرەکانی موزیک، نەک تەنها دەنگ دروست دەکەن، بەڵکوو بەوێنەکردنی و بەمادەکردنی هەست، ئەرکێکیتریانە. هەربۆیە هەرلەسەرەتای ئێتنۆموزیکۆلۆجی­دا، لێکۆڵینەوە لە ئامێرەکان، لە بابەتە گرینگی پێدراوەکانی ئێتنۆموزیکۆلۆجی بووە.

برۆنۆنێتڵ، لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی ئێتنۆموزیکۆلۆجی، بە گشتی، پێنج دەستە بابەت، بە شیاو دەزانێت بۆ زانستی ئێتنۆموزیکۆلۆجی<< ١- دەرکەوتن یان هەنگاوەسەرەتاییەکانی گەشەکردنی موزیک ٢- پێوەندی موزیکی ناخۆرهەڵاتی لەگەڵ موزیکی خۆرهەڵاتی ٣- سیستەم­گەلی تۆنال ٤- موزیک و ئوستوورە ٥- ئامێرەکان>>( مسعودیە، ١٣٨٣ :١٦).

ئالان مێریام، نووسەری کتێبی "مرۆڤناسی موزیک" پێی­وایە کە لە لێکۆڵینەوە لەسەر چاندێکی موزیکی، جگە لە خودی موزیکەکە، دەبێ شەش خاڵی­تریش رەچاوبکەین:<<١- ئامێرەکان ٢- دەقی گۆرانییەکان ٣- شێوازی پۆلێن­کردنی موزیکەکە لە ناوچەکە ٤- رۆڵ و پلەی کۆمەڵایەتی موزیکزانەکە ٥- هەڵسوکەوتی موزیک لەگەڵ لایەنەکانیتری ئەو چاندە ٦- موزیک وەک چالاکییەکی کۆمەڵایەتی داهێنەر (نێتڵ، ١٣٦٥ :١٦).

زانایانی زانستی ئێتنۆموزیکۆلۆجی، کۆکن لەسەر ئەوەی کە لێکۆڵینەوە لە ئامێرەکان یان ئامێرناسی، یەکێکە لە باسەکانی ئێتنۆموزیکۆلۆجی. گرینگی ئامێرناسی هەتا ئەو رادەیە کە نێتڵ دەڵێت:<< لێکۆڵینەوە لە ئامێرەکان زۆر سەرنج­راکێشتر لەوەیە کە ئێتنۆموزیکۆلۆجی چاوەڕوانی­دەکات و پێویستە کە هەر لێکۆڵەرێکی چاندی موزیک، گرینگییەکی تایبەت بەم لایەنە بدات تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی لەدەست­چوونی هەندێ لایەنیتری موزیک(نێتڵ،١٣٦٥ :١٦٨).

لە راستیدا، ئامێرناسی لە ئێتنۆموزیکۆلۆجی­دا، لە باسە سەرەکیەکانی ئەم زانستەیە. مەسعوودیە، لەدوای ئاماژەکردن بە گرینگی ئامێرناسی، دەنووسێت:<< ئامێرناسی، لە هەنگاوی یەکەم­دا، باس و لێکۆڵینەوە لە هەموو جۆرە ئامێرە موزیکیەکان لە نێو هەموو چاندەکان­ە >> (١٣٨٣ :٢٢٧)لە پاشان باس لەو سەرچاوانە دەکات کە تێیاندا، تایبەتمەندییەکانی ئامێرەکان بە بەهرەگرتن لە ئایکۆنۆگڕافی و وێنەکانیان باس­کراوە. << لێکۆڵینەوە لە تەکنیکی ژەندنی ئامێرەکە...، گرینگی ئامێرەکە لەو چاندەکەدا، ئامانجەکان لە بەکارهێنانی ئەو ئامێرە، شێوازی گواستنەوەی ئامێرەکە لە چاندێک و ناوچەیێکەوە بۆ چاند و ناوچەیێکیتر و ...>>(هەمان) لە باسەکانی ناو ئامێرناسین. ئامێرناسی سەرەتا زۆرتر روانینێکی بەوێنەکردنی بوو و باسی لە بەشەکانی ئامێرەکە و شێوازی ژەندنی ئامێرەکە دەکرد. کە گەورەترین دەسکەوتی ئە روانینە کلاسیکە، " سیستەمی پۆلێن­کردنی ئامێرەکان"ە، کە لەوانە دەتوانین ئاماژە بکەین بە سیستەمی ڤیکتۆر ماهیلۆن، فرانسیس گالپین و زاکس-هورن بۆستێڵ.

لە ساڵانی  رابردوودا، لە ئامێرناسیدا، لقێکی نوێ دروست بووە بە نێوی ئامێرناسی چاندی یان ئامێرناسی کەلتووری. ئامێرناسی کەلتووری، لێکۆلینەوە لەسەر ئامێرە موزیکیەکانە لە کۆنتێکستێکی کەلتووریدا. بە پێچەوانەی ئامێرناسی کە ئامێرەکان بە وێنە دەکات و باس لە سیمای ئامێرەکان و شێوازی ژەنینیان دەکات، ئامیرناسی کەلتووری هەوڵ دەدات کە لە پێگەی ئامێرە موزیکیەکە لە نێو کەلتوورەکەدا تێبگات و هەروەها لیکۆڵینەوە لەسەر ئامێرەکە لە روانگەیێکی کەلتوورییەوە بکات. بە واتایێکی­تر دەتوانین بڵێین کە ئامێرناسی زۆرتر مەیلی بەرەو موزیکناسییە و ئامێرناسی کەلتووری بەرەو مرۆڤناسی. لە نووسراوە کلاسیکەکانی ئێتنۆموزیکۆلۆجی، دەتوانین یەکەم هەنگاوەکانی ئەم شێوازە لە روانین بۆ ئامێرە موزیکیەکان ببینین. بۆ نمونە دەتوانین ئاماژە بکەین بە کۆرت زاکس، کە لە رووی لێکچونی ئامێرە موزیکیەکان، باس لە بڵاوبوونەوەی کەلتوور لە نێوان کۆمەڵگەکان دەکات و بەم سەرەنجامە دەگات کە هەموو ئامێرە موزیکیەکان لە دونیادا، لە دوو سەنتەری کەلتووری سەرچاوەیان گرتووە: مسر- بەینی دوورووبار و چینی کۆن.

لە ئامێرناسی کلاسیک­دا، ئامێرە موزیکیەکان، لەدەرەوەی ئەو کەلتوورەی کە لێوەی هاتوون، باس دەکرێن. کە ئەمە زۆر بە ئاشکرا لە پۆلێن­کردنی ئامێرەکان لە ئامێرناسی کلاسیکدا دەیبینین.

ئەوەی کە ئەم دوو روانگە لە یەکدی جیادەکاتەوە، هەمان وشەی کەلتوور یان چاندە. بۆ نموونەیێک لەم روانینە نوێیە بۆ ئامێر، دەتوانین ئاماژە بکەین بە نامەی دکتۆرای جێسی جانسۆن بە نێوی" سیمباڵ لە مۆراوی­دا: ئامێرناسی کەلتووری و کۆمەڵگە (٢٠٠٨). جانسۆن لەم ئیشەیدا، لێکۆڵینەوەیێکی هەموولایەنە لەسەر ئامێری سیمباڵ لە وڵاتی مۆراوی دەکات و پێشینەی ئەم ئامێرە و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە سەدەی نۆزدە بەسەریا هاتووە، پێگەی ئەم ئامێرە لە موزیکی کۆنی ئەو وڵاتە، رۆلی کە گۆرانییە فۆلکلۆرەکاندا، شێوازی فێرکردنی ژەندنی ئامێرەکە و هەروەها هەندێ زانیاری­تر کە بە میتۆدی ئێتنۆگڕافی، بەدەستی هێناوە. کوین داو، مامۆستای زانکۆی لیدز لە بەریتانیا، لە وتارێکدا بە نێوی" لێکۆڵینەوەی کەلتووری لەسەر ئامێرە موزیکیەکان" کە لە کتێبی" لێکۆڵینەوەی کەلتووری لەسەر ئامێرە موزیکیەکان: پێشەکییەکی رەخنەگرانە"(٢٠٠٣)، خویندنەوەی کەلتووری ئامێرەکان بە شێوازێک لە ئەنجام­دانی ئێتنۆگڕافی دەربارەی ئامێرێکی موزیکی دەزانێت.

هەروەها دەتوانین ئاماژە بکەین بە نووسینێکی هاوبەشی عەلی بلووکباشی و یەحیا شەهیدی بە نێوی" گەڕانێک لە نێو موزیک و ئامێرە موزیکیە ئەرتەشیەکانی سەردەمی قاجار"(١٣٨١).

لە روانینی ئامێرناسی کەلتووری، ئامێری موزیکی، وەک دیاردەیێکی زیندوو و لە حاڵی گۆڕاندا، تەمەشا دەکرێت. حەجاریان، نووسەری ئێرانی، لەم بارەدا دەڵیت<< هەر ئامێرێکی موزیکی، لە نێو چانددا، وەک بوونەوەرێکی زیندوو وایە کە بەرەکانی دوای خۆی دروست­دەکات و لە رێگای ئەم زا و زێیە کە دەتوانین تێبگەین لەو بەشانەی مێژوی موزیک کە زۆر بۆمان ئاشکرا و روون نین>>(حەجاریان،١٣٨٦: ٣٢٨). لێکۆڵینەوەی کەلتووری لەسەر ئامێرە موزیکیەکان، دەتوانێت دەروازەگەلێ نوێ لە نێو لێکۆڵینەوەکانی موزیکناسی­ نەتەوەکان، بکاتەوە.

 

سەرچاوەکان:

- حجاریان، محسن، 1386/ مقدمه‌ای بر موسیقی‌شناسی قومی، تهران: پژوهشگاه میراث فرهنگی و کتاب یرای نیک.
- نتل، برونو، 1365/ اتنوموزیکولوژی، ترجمه مجتبی خوش ضمیر، تهران: شرکت چاپ تجارت.
- مسعودیه، محمدتقی، 1383، مبانی اتنوموزیکولوژی (موسیقی‌شناسی تطبیقی)، تهران، انتشارات سروش (چاپ اول 1365).

 

 

 

[i] - Cultural instrumentation